«من دەرکەوتم بۆ ئەوانەی کە داوای منیان نەکرد، دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان. بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن، فەرمووم:”ئەوەتام! ئەوەتام!“ | 1 |
بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت، بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون. | 2 |
گەلێک بەردەوام بەرەو ڕووم پەستم دەکەن، گەلێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت، لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت، | 3 |
ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت، لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات، گۆشتی بەراز دەخوات و لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە. | 4 |
دەڵێت:”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە، چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا، ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە. | 5 |
«ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە: بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە، سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان، | 6 |
لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،» یەزدان دەفەرموێت. «لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد، کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.» | 7 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە، جا دەگوترێت:”مەیفەوتێنە، چونکە خێروبێری تێدایە،“ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم. | 8 |
بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم، لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم. جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن. | 9 |
جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و دۆڵی عاخۆریش بە مۆڵگای مانگا، بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە. | 10 |
«بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە، خوانتان بۆ بتێک بە ناوی”گەد“خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و بۆ”مەنی“خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە، | 11 |
چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و هەموو بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن، لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە، قسەم کرد و گوێتان نەگرت بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد، ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.» | 12 |
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن، بەڵام ئێوە برسی دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە، بەڵام ئێوە تینوو دەبن، ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن، بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن. | 13 |
ئەوەتا لە دڵخۆشیدا بەندەکانم گۆرانی دەڵێن، بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن. | 14 |
لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت، بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت. | 15 |
ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات، بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات، چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و لەبەرچاوم شاردرانەوە. | 16 |
«بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ بەدی دەهێنم و ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و نە بە مێشکدا دێنەوە. | 17 |
بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن لەوەی من بەدی دەهێنم، چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن. | 18 |
بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و بە گەلی خۆم شاد دەبم، چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت. | 19 |
«چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو، چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت بە گەنج دادەنرێت و ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت. | 20 |
خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن، ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن. | 21 |
خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت، ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات، چونکە ڕۆژانی گەلەکەم وەک ڕۆژانی دار دەبێت و هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن لە کردارەکانی دەستیان. | 22 |
بەخۆڕایی ماندوو نابن و بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت، چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و وەچەکانیان لەگەڵیاندان. | 23 |
جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت. | 24 |
گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن، شێریش وەک مانگا گیا دەخوات، بەڵام نانی مار خۆڵە. لە هەموو کێوی پیرۆزم نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،» یەزدان دەفەرموێت. | 25 |