ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب، شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل: «مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە، بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت. | 1 |
کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام، بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن. بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت، بڵێسەش ناتسووتێنێت، | 2 |
چونکە من یەزدانم، خودای تۆم، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ. میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ، کوش و سەبا لە جێی تۆ. | 3 |
لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام، سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت، لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم، لە جیاتی گیانت نەتەوەکان. | 4 |
مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام. لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە. | 5 |
بە باکوور دەڵێم:”بیاندەرێ!“و بە باشووریش:”مەیانگرە!“کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و کچانم لەوپەڕی زەوییەوە. | 6 |
هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن، بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون، شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.» | 7 |
دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە، کەڕە، بەڵام گوێی هەیە. | 8 |
با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە، با نەتەوەکان خڕ ببنەوە. کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟ با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن، یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.» | 9 |
یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن، بەندەی هەڵبژاردەم، بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و تێبگەن کە من ئەوم، پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و پاش منیش نابێت. | 10 |
منم، منم یەزدان، لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە. | 11 |
من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند، منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت. ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 12 |
«لەو ڕۆژەوە من ئەوم، کەس لە دەستم دەرباز نابێت. هەرچی بکەم کێ دەیگەڕێنێتەوە؟» | 13 |
یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: «لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم، بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون. | 14 |
منم یەزدان، پیرۆزەکەتان، بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.» | 15 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت، ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە، لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە، | 16 |
ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد، سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە، کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، دەفەرموێت: | 17 |
«باسی سەرەتاکان مەکەن، لە دێرینەکان ڕامەمێنن. | 18 |
ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم! ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟ لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و لە بیابان ڕووبارەکان. | 19 |
ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن، چەقەڵ و کوندەپەپوو، چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە، ڕووبارەکان لە بیاباندا بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم، | 20 |
ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە باسی ستایشم دەکەن. | 21 |
«بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب، لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل. | 22 |
بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا، بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم. بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت، بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت. | 23 |
بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم، بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم، بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم، بە تاوانەکانت ماندووت کردم. | 24 |
«منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە، لە پێناو خۆم، گوناهەکانیشت بەبیری خۆم ناهێنمەوە. | 25 |
بەبیرم بخەرەوە، با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن، بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە. | 26 |
باوکی یەکەمت گوناهی کرد و پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون. | 27 |
لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و یاقوب دەدەمە قڕکردن و ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان. | 28 |