«ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن! با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە! با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن، با پێکەوە بچینە دادگاییکردن. | 1 |
«کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە، ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟ نەتەوەکانی دەداتە پێشی، پاشایان ژێردەستەی دەکات. بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات، بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو. | 2 |
ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت، بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون. | 3 |
کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە، لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟ من یەزدانم، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.» | 4 |
دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن، هەر چوار لای زەوی دەلەرزن، نزیک بوونەوە و دێن، | 5 |
هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات، بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!» | 6 |
دارتاش زێڕنگەر هاندەدات، ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت، بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.» بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت. | 7 |
«بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم، ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە، توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم، | 8 |
ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت، لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و بە تۆم گوت:”تۆ بەندەی منیت،“تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە. | 9 |
مەترسە، چونکە لەگەڵتدام، مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم. بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم، بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم. | 10 |
«ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن، وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن ئەوانەی دژایەتیت دەکەن. | 11 |
بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت. ئەوانەی لە دژت دەجەنگن وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن، | 12 |
چونکە من یەزدانم، خودای تۆ، ئەوەی دەستی ڕاستی گرتوویت، ئەوەی پێت دەڵێت، مەترسە، من یارمەتیت دەدەم. | 13 |
مەترسە ئەی یاقوبی کرم، ئەی ئیسرائیلی بچووک، من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل. | 14 |
«ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی تیژی نوێی دداندار. چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت، گردەکان وەک کا لێ دەکەیت. | 15 |
شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت، ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات، بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت، شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت. | 16 |
«کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە، لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو. بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم، خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم. | 17 |
ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم، کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم. چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو، زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو. | 18 |
داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون لە چۆڵەوانی دەڕوێنم، داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە لە بیابان دادەنێم، | 19 |
بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و سەرنج بدەن و تێبگەن کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.» | 20 |
یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.» پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم. | 21 |
بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن ئەوەی ڕوودەدات. ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن، با مێشکمان بخەینە سەری و بزانین کۆتاییەکەیان چییە. یان داهاتوومان پێ بڵێن، | 22 |
ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن، هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە، هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین. | 23 |
بەڵام ئێوە هیچن و کارەکانتان لە هیچ کەمترن، قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت. | 24 |
«لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات. لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات، بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا، وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت. | 25 |
کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین، پێشوەخت، هەتا بڵێین:”ڕاستودروستە؟“بێگومان ڕاگەیەنەر نییە، بێگومان بەگوێدادەر نییە، بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە. | 26 |
سەرەتا بە سییۆن:”ئەوەتا ئەوان!“بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا. | 27 |
بینیم کەس نییە، ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە. | 28 |
تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن! کارەکانیان هیچ نین، بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن. | 29 |