لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.» | 1 |
حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد، | 2 |
گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا. | 3 |
جا ئیشایا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: | 4 |
«بڕۆ و بە حەزقیا بڵێ:”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و | 5 |
فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، بەرگری لەم شارە دەکەم لە دەستی پاشای ئاشور. | 6 |
«”ئەمەش نیشانە بێت بۆت لەلایەن یەزدانەوە، کە یەزدان ئەم کارە دەکات کە بەڵێنی دا: | 7 |
ئەوەتا سێبەر دەگەڕێنمەوە بەو پلانەی پێی هاتووەتە خوارەوە، بە پلەکانی ئاحاز بە خۆر، دە پلە بەرەو دواوە.“» جا خۆر دە پلە گەڕایەوە بەو پلانەی پێی هاتبووە خوار. | 8 |
نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە: | 9 |
گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا من دەچم بۆ جیهانی مردووان، چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟» (Sheol h7585) | 10 |
گوتم: «یەزدان نابینم لە خاکی زیندوواندا، لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم لەسەر ڕووی زەوی. | 11 |
خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت وەک خێوەتی شوانان، وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و لە تەونەکەمدا بڕیمەوە. شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت، | 12 |
هەتا بەیانی هاوار دەکەم، وەک شێر ئێسکم ورد بکات، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت. | 13 |
وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم، وەکو کۆتر دەگمێنم، چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم. وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!» | 14 |
ئیتر چی بڵێم؟ ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی. بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم لەبەر تاڵاوی گیانم. | 15 |
ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین، ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە. تۆ منت چاککردەوە و ژیانت پێ بەخشیم. | 16 |
بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت. لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد، چونکە هەموو گوناهەکانی منت فڕێدایە پشت خۆتەوە. | 17 |
جیهانی مردووان سوپاست ناکات و مردووانیش ستایشت ناکەن، هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە. (Sheol h7585) | 18 |
زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن، باوکان دڵسۆزی تۆ بە منداڵەکانیان دەناسێنن. | 19 |
یەزدان ڕزگارم دەکات، هەموو ڕۆژانی ژیانمان مۆسیقا دەژەنین لە پەرستگای یەزدان. | 20 |
ئینجا ئیشایا گوتی: «با هەویری هەنجیر هەڵبگرن و بیخەنە سەر دوومەڵەکە، چاک دەبێتەوە.» | 21 |
حەزقیاش گوتبووی: «نیشانە چییە، کە دەچمە پەرستگای یەزدان؟» | 22 |