یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق، پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە، داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن. | 1 |
دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە بێ ئەوەی پرس بە من بکەن، هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون، لە سایەی میسر پەناگیر بن. | 2 |
بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری. | 3 |
هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن، نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس، | 4 |
بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان، بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە، چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.» | 5 |
سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب: لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا، ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت، مار و ماری ژەهراوی باڵدار، سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن، لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن، | 6 |
چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر. لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا: «ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات». | 7 |
ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و لە تۆمارێک نەخشی بکە، هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە شایەتێک بۆ هەتاهەتایە. | 8 |
ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن، ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن. | 9 |
بە پێشبینیکەر دەڵێن: «پێشبینی مەکە!» بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن: «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە! قسەی لووسمان بۆ بکە، خەونی تەفرەدەر ببینە! | 10 |
لە ڕێگا لابدەن، ڕێچکە بەر بدەن، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لە ئێمە دووربخەنەوە!» | 11 |
لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و پشتتان پێیان بەست، | 12 |
لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت، ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت. | 13 |
وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت، لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.» | 14 |
یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت، پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت، بەڵام نەتانویست، | 15 |
گوتتان:”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“لەبەر ئەوە هەڵدێن! گوتتان:”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن! | 16 |
لە ڕووی نەڕەی یەک کەس هەزار کەس هەڵدێت، لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس هەمووتان هەڵدێن، هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.» | 17 |
بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن! | 18 |
ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. | 19 |
هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. | 20 |
کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە پێیدا بڕۆن.» | 21 |
پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!» | 22 |
ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. | 23 |
گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. | 24 |
جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. | 25 |
جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات. | 26 |
ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات، تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە. لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە. | 27 |
هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە دەگات بە گەردن، بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان بە بێژنگی لەناوچوون و لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە. | 28 |
گۆرانییەکتان بۆ دەبێت وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن، خۆشی دڵیش وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان، بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل. | 29 |
یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و دابەزینی بازووی ببینرێت بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر، بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە. | 30 |
ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت، بە داردەست لێدەدات. | 31 |
جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری، ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت، بە دەف و قیسارەوە دەبێت و بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت. | 32 |
چاڵی تۆفەت لەمێژە ڕێکخراوە، بۆ پاشا ئامادە کراوە، قووڵە، بەرینە، کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە. هەناسەی یەزدان وەک ڕووباری گۆگردە گڕی تێبەردەدات. | 33 |