قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە! ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن، با جەژنەکان بسوڕێنەوە. | 1 |
منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم، جا دەبێت بە گریان و شیوەن و بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای لێدێت، | 2 |
وەک بازنە دەورت دەدەم، بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم. | 3 |
جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت، قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە، دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە، قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت. | 4 |
ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت. لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت، | 5 |
لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە، بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە. | 6 |
وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت، ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل، هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی. | 7 |
وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە، وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات، ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن. | 8 |
بحەپەسێن و سەرسام بن! خۆتان کوێر بکەن و کوێربن! بەبێ شەراب ئێوە مەستن، بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن. | 9 |
یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە، بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن، هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە. | 10 |
جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.» | 11 |
یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.» | 12 |
جا پەروەردگار دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە، پەرستنیان بۆ من تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە. | 13 |
لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم، دانایی داناکانی لەناودەبەم و تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.» | 14 |
قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە، کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟» | 15 |
ئای لە هاڵاوگێڕیتان، ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت: «ئەو دروستی نەکردم»؟ یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت: «تێناگات»؟ | 16 |
ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و باخیش بە دارستان دانانرێت؟ | 17 |
جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا چاوی نابیناکان دەبینن. | 18 |
زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت، نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن. | 19 |
زۆردار لەناوچوو و گاڵتەجاڕ نەما و هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری بڕانەوە. | 20 |
ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن. | 21 |
لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت: «ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و ئێستا ڕوو زەرد نابێت. | 22 |
کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم لەنێویاندا دەبینن، وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن، دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا دەنێن، لە خودای ئیسرائیل دەترسن. | 23 |
ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.» | 24 |