قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن! قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت، کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە. قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە! | 1 |
ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە. وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر، وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ، بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی. | 2 |
پێشێل دەکرێت تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم. | 3 |
دەبێت بە گوڵی سیس بوو جوانی شکۆمەندییەکەی، ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە، وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین، ئەوەی دەیبینێت هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات. | 4 |
لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و تاجی شکۆمەندی بۆ پاشماوەی گەلەکەی. | 5 |
دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و پاڵەوانیێتی بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان. | 6 |
ئەمانیش بە شەراب گێژن و بە مەی گومڕان: کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن، بە شەراب قووتدەدرێن، بە مەی گومڕان، کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن، کوێرانە حوکم دەدەن. | 7 |
هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە. | 8 |
دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟ پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟ بۆ لەشیربڕاوەکان، یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟ | 9 |
وەک گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.» | 10 |
کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ قسە بۆ ئەم گەلە دەکات. | 11 |
بۆ ئەوانەی پێی گوتن: «ئەمە حەسانەوەیە، با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.» بەڵام نەیانویست گوێ بگرن. | 12 |
جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە: گغە گغ بۆ گغە گغ، بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ. بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن. | 13 |
ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمن! | 14 |
گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە، کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە، چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و لەناو ساختە پەناگیر دەبین.» (Sheol h7585) | 15 |
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم، کە دەبێتە سەنگی مەحەک، گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە بۆ بناغەیەکی پتەو، ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت. | 16 |
دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم، جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت. | 17 |
پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت. کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت، ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل. (Sheol h7585) | 18 |
هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات، چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت بە شەو و بە ڕۆژ.» بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە دەبێتە مایەی تۆقاندن. | 19 |
دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە. | 20 |
یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا، هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە! بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە! | 21 |
ئێستا گالتەجاڕ مەبن، نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت، چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا. | 22 |
گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن، گوێ بگرن و قسەم ببیستن. | 23 |
ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت، هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟ | 24 |
ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد، تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و جۆ لە شوێنی نیشانکراو، گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟ | 25 |
جا بە دادوەری ڕێنمایی دەکات، خودای خۆی فێری دەکات. | 26 |
کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت، چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت، بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و زیرەش بە گۆچان. | 27 |
دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت، هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت، چەرخەی عەرەبانەکەی و ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن. | 28 |
هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون، ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە. | 29 |