سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا: وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات، لە چۆڵەوانییەوە دێت، لە خاکێکی ترسناک. | 1 |
ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە: ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات. سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا! کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی. | 2 |
لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار، ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون، سەرسام بووم لە گوێگرتن، واقم وڕما لە بینین. | 3 |
سەرم لێ شێوا، ترس منی لەرزاند، زەردەپەڕی خۆشیی منی کردە تۆقین. | 4 |
خوان ئامادە دەکەن، ڕایەخ ڕادەخەن، دەخۆن و دەخۆنەوە! هەستن ئەی میران! قەڵغان چەور بکەن! | 5 |
پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە، ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت. | 6 |
کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت، سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر، با بە تەواوی گوێی شل بکات، زۆر شلی بکات.» | 7 |
ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد: «گەورەم، من ڕۆژانە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم، هەموو شەوانیش لە بنکەی پاسەوانێتییەکەم دەمێنمەوە. | 8 |
ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە، لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت. وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:”کەوتووە، بابل کەوتووە! هەموو وێنەی خوداوەندەکانی بەرەو زەوی شکان!“» | 9 |
ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون، ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم. | 10 |
سروشێک سەبارەت بە دوما: لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت، «ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟ ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟» | 11 |
ئێشکگرەکەش وەڵام دەداتەوە: «بەیانی دێت، هەروەها شەویش. ئەگەر داواکارن، داوا بکەن، بگەڕێنەوە، وەرن.» | 12 |
سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان: ئەی کاروانی دیدانییەکان، ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن، | 13 |
بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن. ئەی دانیشتووانی خاکی تێما، بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن، | 14 |
چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون، لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو، لە ڕووی کەوانی توندکراو، لە ڕووی سەختی جەنگ. | 15 |
پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و | 16 |
پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.» | 17 |