بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی لەدەست بچێت. | 1 |
هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. | 2 |
ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی: [بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»] هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. | 3 |
لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: [ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.] | 4 |
دیسان لەو دەقەدا دەفەرموێت: [نایەنە ناو حەسانەوەی من.] | 5 |
ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. | 6 |
دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد: [ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.] | 7 |
لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. | 8 |
کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، | 9 |
چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. | 10 |
بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت. | 11 |
چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. | 12 |
بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی. | 13 |
لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆکی کاهینانە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەی کە دانمان پێدا ناوە، | 14 |
چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. | 15 |
بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات. | 16 |