کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە. | 1 |
ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. | 2 |
عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. | 3 |
لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. | 4 |
موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. | 5 |
بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین. | 6 |
لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: [ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، | 7 |
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا، لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان. | 8 |
لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە، هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی. | 9 |
لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و ڕێگای منیان نەناسی.» | 10 |
بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»] | 11 |
خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. | 12 |
بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. | 13 |
بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. | 14 |
وەک چۆن گوتراوە: [ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.] | 15 |
جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ | 16 |
خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ | 17 |
خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ | 18 |
هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی. | 19 |