بەردەوام بن لەسەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتر وەک خوشک و برا. | 1 |
میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە. | 2 |
یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، هەروەها زۆرلێکراوانیش وەک ئەوەی خۆتان لەگەڵ ئەواندا زۆرلێکراو بن. | 3 |
با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات. | 4 |
با ژیانتان بێ خۆشویستنی پارە بێت و ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی: [هەرگیز پشتگوێت ناخەم، هەرگیز وازت لێ ناهێنم.] | 5 |
کەواتە بە متمانەوە دەڵێین: [یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم. مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟] | 6 |
ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە. | 7 |
عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە. (aiōn g165) | 8 |
مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین. | 9 |
ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن. | 10 |
سەرۆکی کاهینان خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلاکەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن. | 11 |
لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. | 12 |
کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. | 13 |
لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت. | 14 |
لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانیی ئێمەیە بۆ خودا. | 15 |
هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات. | 16 |
گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە ئێشکتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت. | 17 |
نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت. | 18 |
زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان. | 19 |
با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان، (aiōnios g166) | 20 |
بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین. (aiōn g165) | 21 |
خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، بە سنگفراوانییەوە ئەم وتەی هاندانە وەربگرن، چونکە تەنها نامەیەکی کورتم بۆ نووسیون. | 22 |
بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد کراوە. ئەگەر زوو هات، بەیەکەوە دیدەنیتان دەکەین. | 23 |
سڵاو لە هەموو ڕابەران و تەواوی باوەڕداران بکەن. باوەڕدارانی ئیتالیا سڵاوتان لێدەکەن. | 24 |
با نیعمەتی خودا لەگەڵ هەمووتان بێت. | 25 |