تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە کامڵ و تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە. | 1 |
ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن. | 2 |
بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە، | 3 |
چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات. | 4 |
لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی: [بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم. | 5 |
بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی. | 6 |
ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە، تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم، ئەی خودا.»] | 7 |
لە سەرەوە فەرمووی: [تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،] ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت، | 8 |
ئینجا مەسیح فەرمووی: [ئەوەتا هاتم تاکو خواستی تۆ بەجێبهێنم.] یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ. | 9 |
بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین. | 10 |
هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات. | 11 |
بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت، | 12 |
لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی، | 13 |
چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات. | 14 |
ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی: | 15 |
[یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم، «فێرکردنەکانم دەخەمە ناو دڵیان و لەناو مێشکیان دەینووسم.»] | 16 |
پاشان دەفەرموێت: [لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.] | 17 |
لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت. | 18 |
بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە، | 19 |
بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە، | 20 |
لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا دەکات، | 21 |
هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا. | 22 |
با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە. | 23 |
هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. | 24 |
با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە. | 25 |
ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، | 26 |
بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات. | 27 |
ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرا. | 28 |
بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟ | 29 |
لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: [تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.] هەروەها: [یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.] | 30 |
کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە. | 31 |
ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. | 32 |
هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. | 33 |
هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە. | 34 |
کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە، | 35 |
چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن، | 36 |
چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت، [ئەوەی دێت، بێگومان دێت و دواناکەوێت. | 37 |
ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت، هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە، ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.] | 38 |
جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕێنەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن. | 39 |