لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، | 1 |
بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. (aiōn g165) | 2 |
کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت. | 3 |
بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر. | 4 |
ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: ﴿تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾؟ هەروەها: ﴿من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾؟ | 5 |
دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت: ﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾ | 6 |
لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ: ﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن، خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾ | 7 |
بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت: ﴿ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە، داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە. (aiōn g165) | 8 |
تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە، بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای، بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.﴾ | 9 |
هەروەها: ﴿تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. | 10 |
ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن. | 11 |
وەک کەوا دەیپێچیتەوە، وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن، بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾ | 12 |
ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە: ﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت﴾؟ | 13 |
ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟ | 14 |