ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی. | 1 |
خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» | 2 |
فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. | 3 |
من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.» | 4 |
ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. | 5 |
هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی، لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو، هەڵگرت و هاتنە میسر. | 6 |
کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر. | 7 |
ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، واتە یاقوب و نەوەکانی: ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب. | 8 |
کوڕەکانی ڕەئوبێن: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی. | 9 |
کوڕەکانی شیمۆن: یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو. | 10 |
کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری. | 11 |
کوڕەکانی یەهودا: ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن. کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون: حەسرۆن و حامول. | 12 |
کوڕەکانی یەساخار: تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن. | 13 |
کوڕەکانی زەبولون: سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل. | 14 |
ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون. | 15 |
کوڕەکانی گاد: چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی. | 16 |
کوڕەکانی ئاشێر: یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە لەگەڵ سەرەحی خوشکیان. کوڕەکانی بەریعە: حەڤەر و مەلکیێل. | 17 |
ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون. | 18 |
دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب: یوسف و بنیامین. | 19 |
لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆن. | 20 |
کوڕەکانی بنیامین: بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد. | 21 |
ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون. | 22 |
کوڕەکەی دان: حوشیم. | 23 |
کوڕەکانی نەفتالی: یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم. | 24 |
ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون. | 25 |
هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون. | 26 |
بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا کەس بوون. | 27 |
یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. | 28 |
یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا. | 29 |
ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.» | 30 |
ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم:”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام. | 31 |
پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ | 32 |
ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی:”کارتان چییە؟“ | 33 |
دەڵێن:”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.» | 34 |