قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو. | 1 |
کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.» | 2 |
بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی:”ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“ | 3 |
ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین. | 4 |
بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین:”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت.“» | 5 |
ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟» | 6 |
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین و گوتی:”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت:”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟» | 7 |
یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین. | 8 |
خۆم دەستەبەری سەلامەتی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم، | 9 |
چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.» | 10 |
ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن: لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، وەک هەندێک هەتووان، هەنگوین، بەهارات، موڕ، بستە و بادەم. | 11 |
دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە هەڵەیان کردبێت. | 12 |
براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە. | 13 |
خودای هەرە بەتوانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.» | 14 |
پیاوەکانیش ئەو دیارییانە و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستی خۆیان هەڵگرت و بنیامینیان برد و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. | 15 |
کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.» | 16 |
ئیتر سەرکارەکە بەو جۆرەی کە یوسف فەرمانی پێ کردبوو، پیاوەکانی بردەوە بۆ ماڵی یوسف. | 17 |
پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف و گوتیان: «ئێمەیان بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم خرابووەوە ناو هەگبەکانمان هێناوەتە ژوورەوە. دەیەوێت پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.» | 18 |
ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد. | 19 |
پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار بۆ کڕینی خۆراک هاتینە ئێرە. | 20 |
بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە. | 21 |
هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.» | 22 |
ئەویش پێی گوتن: «نیگەران مەبن، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە. | 23 |
پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان. | 24 |
ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن. | 25 |
کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، کڕنۆشیان بۆ برد و ئەو دیارییانەیان پێشکەش کرد کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە. | 26 |
ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟» | 27 |
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد. | 28 |
ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.» | 29 |
ئیتر یوسف بە پەلە ئەوێی بەجێهێشت، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد کە تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا. | 30 |
پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.» | 31 |
ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ براکانیشی بە جیا، هەروەها بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد. میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو. | 32 |
پیاوەکان بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان، بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری. | 33 |
کاتێک لە سەر خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشی هەر یەکێکی دیکەیان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و کەیف خۆش بوون. | 34 |