ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە، | 1 |
لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. | 2 |
لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکەی لەڕولاواز و ناشیرین لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە و لەلای ئەو مانگایانە لە کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان. | 3 |
ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان حەوت مانگا جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. فیرعەون بە ئاگا هاتەوە. | 4 |
لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە. لە خەونیدا حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوانی بینی کە لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. | 5 |
لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. | 6 |
ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هاتەوە و زانی کە خەونە. | 7 |
بۆ بەیانییەکەی فیرعەون دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەران و دانایانی میسردا و خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بۆی لێکبدەنەوە. | 8 |
ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد. | 9 |
جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان. | 10 |
من و ئەو لە یەک شەودا خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان. | 11 |
لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. خەونەکانمان بۆ ئەو گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە. | 12 |
ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.» | 13 |
بۆیە فیرعەون ناردی بەدوای یوسفدا و خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون. | 14 |
فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. هەروەها دەربارەی تۆ بیستوومە کە کاتێک خەونێکت بۆ دەگێڕنەوە، دەتوانیت لێکی بدەیتەوە.» | 15 |
یوسف لە وەڵامی فیرعەوندا گوتی: «ئەوە من نیم، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.» | 16 |
ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، | 17 |
بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و جوان هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. | 18 |
لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە کە زۆر لەڕولاواز و ناشیرین بوون. لە هەموو خاکی میسر مانگای ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. | 19 |
ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. | 20 |
بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی ئەوانیان خوارد، پێیانەوە دیار نەبوو کە شتی وایان خواردووە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بە ئاگا هاتم. | 21 |
«دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. | 22 |
لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. | 23 |
گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەسیان نەیانتوانی بۆم لێکبدەنەوە.» | 24 |
یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا بە تەمایە بیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. | 25 |
حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. | 26 |
حەوت مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان کە دووەم جار هاتنە دەرەوە، ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی. | 27 |
«ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت: خودا بە فیرعەونی نیشان داوە کە بە تەمایە چی بکات. | 28 |
حەوت ساڵ تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. | 29 |
بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. | 30 |
ئیتر تێروتەسەلی خاکەکە لەبیر دەچێتەوە، چونکە ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت زۆر سەخت دەبێت. | 31 |
هۆکاری ئەوەش کە خەونەکە بە دوو شێوە بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە، ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیاری لەسەر دراوە و بە زوویی ئەنجامی دەدات. | 32 |
«ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا بدۆزێتەوە و بەسەر خاکی میسرەوە دایبنێت. | 33 |
با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. | 34 |
پێویستە هەموو خواردنی ئەو ساڵە باشانەی کە دێن کۆبکەنەوە و لەژێر دەسەڵاتی فیرعەوندا گەنم لە ئەمبار بکەن و بۆ مەبەستی خواردن لە شارۆچکەکان هەڵیانبگرن. | 35 |
ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت. بەو شێوەیە خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.» | 36 |
فیرعەون و هەموو دەستوپێوەندەکەی ئەم قسانەیان پێ باش بوو. | 37 |
فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟» | 38 |
ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەبەر ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆ تۆ ئاشکرا کردووە، لە تۆ وردبینتر و داناتر بوونی نییە. | 39 |
تۆ دەبیتە لێپرسراوی کۆشکەکەی من، هەروەها هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن. من تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.» | 40 |
ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» | 41 |
ئینجا فیرعەون ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. | 42 |
پاشان سواری گالیسکەی جێگرەکەی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر. | 43 |
ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» | 44 |
فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر. | 45 |
یوسف تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک دەستی کرد بە خزمەتکردنی فیرعەونی پاشای میسر. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. | 46 |
زەوی لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا، بەروبوومێکی زۆری دا. | 47 |
یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی خاکی میسری کۆکردەوە. لە هەموو شارێکدا ئەو خۆراکانەی دانا کە لە کێڵگەکانی دەوروبەری کۆ دەکردەوە. | 48 |
یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر وازی لە هەژمارکردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن. | 49 |
پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. | 50 |
یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناونا مەنەشە و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» | 51 |
دووەمیشیانی ناونا ئەفرایم و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.» | 52 |
حەوت ساڵە تێروتەسەلییەکەی خاکی میسر، کۆتایی پێهات. | 53 |
ئینجا هەروەک یوسف گوتبووی، حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد. قاتوقڕی هەموو زەوی گرتبووەوە، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. | 54 |
کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.» | 55 |
قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. | 56 |
خەڵکی لە هەموو لایەکی جیهانەوە هاتن بۆ میسر تاکو گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو شوێنێکدا توند بوو. | 57 |