هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو. | 1 |
ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع مرد، کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێتەوە و بەسەریدا بگریێت. | 2 |
ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد و گوتی: | 3 |
«من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، تاکو بتوانم مردووەکەم بنێژم.» | 4 |
حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت: | 5 |
«گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە دەست بەو گۆڕەوە ناگرێت کە تۆ مردووەکەتی تێدا دەنێژیت.» | 6 |
ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ حیتییەکان برد کە خەڵکی خاکەکە بوون. | 7 |
ئینجا قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم بنێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و داوا لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر بکەن کە | 8 |
ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.» | 9 |
عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: | 10 |
«نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەبەخشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.» | 11 |
ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و | 12 |
لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.» | 13 |
عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: | 14 |
«گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.» | 15 |
ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو. | 16 |
ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە | 17 |
موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە. | 18 |
دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. | 19 |
ئیتر حیتییەکان کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناویان بە موڵک دا بە ئیبراهیم، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستان. | 20 |