سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. | 1 |
سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.» ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد. | 2 |
ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی. | 3 |
ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو. کاتێک کە زانی سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. | 4 |
ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.» | 5 |
ئەبرامیش بە سارایی گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد، هەتا لە دەستی هەڵات. | 6 |
ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛ ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە. | 7 |
فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟» ئەویش گوتی: «لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.» | 8 |
فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» | 9 |
هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.» | 10 |
دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «ئێستا سکت پڕە، کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسماعیل، چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو. | 11 |
ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی لێ دێت. دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو. دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.» | 12 |
ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» | 13 |
لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش و بەرەدە. | 14 |
ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل. | 15 |
ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو. | 16 |