< عەزرا 9 >

پاش تەواوبوونی ئەمە، ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان، لە کەنعانی، حیتی، پریزی، یەبوسی، عەمۆنی، مۆئابی، میسری و ئەمۆرییەکان، 1
چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە. دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.» 2
کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. 3
جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. 4
لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و 5
گوتم: «خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە. 6
لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتینە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ. 7
«بەڵام ئێستا بۆ ساتێک یەزدانی پەروەردگارمان میهرەبان بوو بەرامبەرمان کە دەربازمان دەکات و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی دەداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و لە کاتی کۆیلەییدا هەندێک بمانبووژێنێتەوە. 8
هەرچەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین: ژیانی نوێی پێمان داوە بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، هەروەها لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکی پێمان داوە. 9
«ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە چی بڵێین؟ وازمان لە فەرمانەکانت هێنا، 10
ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت:”ئەو خاکەی دەچنە ناوی تاکو دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بەهۆی گڵاوی خەڵکەکەیەوە، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی خاکەکەیان پڕ کردووە لە گڵاوی. 11
ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەرگیز پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ مەبەستن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“ 12
«هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی. 13
ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟ 14
ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.» 15

< عەزرا 9 >