کاتێک دوژمنەکانی یەهودا و بنیامین بیستیانەوە ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە پەرستگایەکیان بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد دەنایەوە، | 1 |
هاتن بۆ لای زروبابل و گەورەی بنەماڵەکان و پێیان گوتن: «با لەگەڵتان بنیاد بنێین، چونکە ئێمەش وەک ئێوەین و داوا لە خوداکەتان دەکەین، لە ماوەی پاشایەتی ئێسەرحەدۆنی پاشای ئاشورەوە ئێمەی بۆ ئێرە هێناوە، قوربانیمان سەربڕیوە.» | 2 |
بەڵام زروبابل و یەشوع و پاشماوەی گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل وەڵامیان دانەوە: «بۆتان نییە لەگەڵ ئێمە پەرستگای خودامان بنیاد بنێنەوە، بەڵکو ئێمە بە تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی بنیادی دەنێین، بەو شێوەیەی کۆرشی پاشا، پاشای فارس فەرمانی پێ کردووین.» | 3 |
جا گەلانی خاکەکە دەستی گەلی یەهودایان شل دەکردەوە و لە بیناکردنەکە دەیانترساندن، | 4 |
چەند ڕاوێژکارێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەیان بە کرێ گرت، بە درێژایی سەردەمی کۆرشی پاشای فارس هەتا پاشایەتی داریوشی پاشای فارس. | 5 |
لە سەرەتای پاشایەتی ئەحەشوێرۆش، سکاڵانامەیەکیان لە دژی دانیشتووانی یەهودا و ئۆرشەلیم نووسی. | 6 |
هەروەها لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، بیشلام و میترەدات و تاڤئێل و سەرجەم یاوەرەکانیان نامەیەکیان بۆ ئەرتەحشەستەی نووسی، نامەکەش بە پیت و زمانی ئارامی نووسرا. | 7 |
ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی نامەیەکیان لە دژی ئۆرشەلیم بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا بەم شێوە نووسی: | 8 |
ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان، کە لە دادوەر و کاربەدەست و بەرپرسانی گەلی فارس و ئەرەک و بابل و ئیلامییەکانی شوش | 9 |
و سەرجەم ئەو نەتەوانە پێکهاتبوون کە ئەشوربەنیپەلی گەورە و بەڕێز ڕاپێچی کردن، لە شاری سامیرە و چەند شوێنێکی دیکە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێی کردن. | 10 |
ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە بۆیان نارد. بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا، خزمەتکارانت، پیاوانی هەرێمی ئەوبەری فورات: | 11 |
با پاشا بزانێت کە ئەو جولەکانەی لەلای تۆوە سەرکەوتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشەلیم و ئەو شارە یاخی و خراپە بنیاد دەنێنەوە، شووراکانیش تەواو دەکەن و بناغەکان چاک دەکەنەوە. | 12 |
با ئێستا لەلای پاشا زانراو بێت کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێتەوە و شووراکانی تەواو بکرێن، چیتر سەرانە و گومرگ و باج نادرێت، لە کۆتاییشدا زیان لە پاشاکان دەکەوێت. | 13 |
ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێمە نمەکی کۆشکی پاشا دەکەین و شیاویش نییە زیانی پاشا ببینین، لەبەر ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشا ئەم نامەیە دەنێرین، | 14 |
بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شاهانەی باوباپیرانتدا بکرێت. ئینجا لە ئەرشیفی شاهانە دەبینیتەوە و دەزانیت کە ئەم شارە شارێکی یاخییە و زیانبەخشە بە پاشاکان و هەرێمەکان، لە دێرزەمانەوە یاخیبوونیان لەناویدا بەرپا کردووە، لەبەر ئەوە ئەم شارە کاول کرا. | 15 |
ئێمەش پاشا ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێت و شووراکانی تەواو بکرێن، ئیتر لە هەرێمی ئەوبەری فوراتەوە بەشت نابێت. | 16 |
پاشا ئەم وەڵامەی نارد: بۆ ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان کە لە سامیرە و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێن: پاش سڵاو. | 17 |
ئەو نامەیەی بۆتان ناردین بە ڕوونی لەبەردەممدا خوێنرایەوە و وەرگێڕدرا. | 18 |
فەرمانێکم دەرکرد و لێکۆڵینەوەیەک کرا، دەرکەوت کە ئەم شارە لە دێرزەمانەوە لە دژی پاشایان وەستاوەتەوە و یاخیبوون و سەرپێچیکردنی تێدا بەرپا کراوە. | 19 |
ئۆرشەلیم پاشای بە توانای هەبووە و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو هەرێمی ئەوبەری فوراتدا ڕۆیشتووە، سەرانە و گومرگ و باجیان پێدراوە. | 20 |
ئێستاش فەرمانێک بۆ دەست لە کار هەڵگرتنی ئەم پیاوانە دەربکەن، ئیتر هەتا فەرمان لە منەوە دەرنەچێت ئەو شارە بنیاد نانرێتەوە. | 21 |
وریابن لەم کارە کەمتەرخەمی نەکەن، نەوەک زیان بە بەرژەوەندی پاشاکان بگات. | 22 |
کاتێک نامەکەی ئەرتەحشەستەی پاشا لەبەردەم ڕەحوم و شیمشەیی خامەی نهێنی و یاوەرەکانیاندا خوێنرایەوە، بە پەلە چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای جولەکەکان و بە زەبری هێز لە کارەکە ڕایانگرتن. | 23 |
کارەکەی ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم ڕاگیرابوو، هەتا دووەم ساڵی پاشایەتی داریوشی پاشای فارس. | 24 |