ئینجا پیاوەکە منی هێنایە شوێنی پیرۆز و دینگەکانی پێوا، ئەستوورایی دینگەکان لە هەر لایەکەوە شەش باڵ بوو. | 1 |
پانی بەردەرگاکەش دە باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک پێنج باڵ بوو. هەروەها شوێنە پیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو. | 2 |
پاشان چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، دینگەکانی بەردەرگاکەی پێوا، هەریەکەیان دوو باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش شەش باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک حەوت باڵ بوو. | 3 |
شوێنە هەرەپیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی بیست باڵ، پانییەکەشی تەریب بوو لەگەڵ شوێنە پیرۆزەکە و بیست باڵ بوو، پێی فەرمووم: «ئەمە شوێنە هەرەپیرۆزەکەیە.» | 4 |
کە ئەستوورایی دیواری پیرۆزگاکەی پێوا شەش باڵ بوو. پانی ژوورە لاتەنیشتەکانیشی پێوا کە لە سێ لای پیرۆزگاکە هەبوون، هەر یەکێکیان چوار باڵ بوو. | 5 |
ژوورە لاتەنیشتەکانیش بە سێ نهۆم هەبوون، لە هەر نهۆمێکیش سی ژوور هەبوون. بنچینەی ژوورەکان لەسەر دیواری پیرۆزگاکە خۆی دروستنەکرابوون، بەڵکو لەسەر لێواری دیواری ژوورەکان کە بۆ پتەوکردنی ژوورەکان دروستکرا بوون. | 6 |
ئەگەر لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک سەربکەوتبووای، ژوورە لاتەنیشتەکان بەرینتر دەبوون، بەپێی لێوارەکە لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک لە سێ لای پیرۆزگاکە. پێپلیکانەیەکیش هەبوو، لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بە نهۆمی ناوەڕاستدا تێدەپەڕی. | 7 |
بینیم لە چواردەوری پیرۆزگاکە بادلۆیەکی بەرز هەبوو، کە بناغەی ژوورە لاتەنیشتەکان بوو، درێژییەکەشی بەقەد درێژی قامیشێک بوو، شەش باڵ درێژی بوو. | 8 |
ئەستوورایی دیواری ژوورە لاتەنیشتەکان لە دیوی دەرەوە پێنج باڵ بوو. حەوشەیەک هەبوو لەنێوان ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە و | 9 |
ژوورەکانی کاهینان، پانییەکەی بیست باڵ بوو بە دەوری پیرۆزگاکەدا. | 10 |
دەروازەی ژوورە لاتەنیشتەکان لە کۆڵانێکەوە یەکێکی ڕووەو باکوور و یەکێکیشی ڕووەو باشوور بوو. پانی بادلۆکە لە دەوری پیرۆزگاکە پێنج باڵ بوو. | 11 |
ئەو بینایەش کە لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە بوو، لە لایەکەوە ڕووەو ڕۆژئاوا، پانی حەفتا باڵ بوو. ئەستوورایی دیواری بیناکەش پێنج باڵ بوو بە چواردەوریدا، درێژییەکەشی نەوەد باڵ بوو. | 12 |
پیرۆزگاکەشی پێوا، سەد باڵ درێژ بوو، شوێنە جیاکراوەکە و بیناکە و دیوارەکانی سەد باڵ درێژ بوون. | 13 |
ڕووی پەرستگا و شوێنە جیاکراوەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات پانییەکەی سەد باڵ بوو. | 14 |
ئینجا درێژی بیناکە و هۆڵەکانی پێوا، بیناکەش لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە لە پشتی پیرۆزگاکە بوو، لە لایەکەوە بۆ لایەکەی دیکە، سەد باڵ بوو. شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز و ڕووی هەیوانەکە بە لای حەوشەکەدا، | 15 |
لەگەڵ بەردەرگاکان و کڵاوڕۆژنە کەتیبەدارەکان و هۆڵەکانی چواردەوری سێ نهۆمەکە، بەرامبەر بەردەرگاکە لە هەموو لایەکەوە تەختەی لێ درابوو. لە زەوییەکەوە هەتا کڵاوڕۆژنەکە، کڵاوڕۆژنەکەش داپۆشرابوو. | 16 |
لە سەرەوە، ناوبەناو لەسەر دیوی دەرەوەی داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆز، دیوارەکە بە چواردەوری شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز، | 17 |
نەخشی کەڕوبەکان و دار خورمای لەسەر کرابوو. دار خورمایەک لەنێوان کەڕوبێک و کەڕوبێکی دیکە، هەر کەڕوبێکیش دوو ڕووی هەبوو، | 18 |
ڕووێکی مرۆڤ ڕووەو دار خورمایەک و ڕووی جوانە شێرێک ڕووەو دار خورمایەکی دیکە. کە هەموو چواردەوری پیرۆزگاکە بەم شێوەیە نەخشێنرابوو. | 19 |
هەروەها دیواری شوێنی پیرۆزیش لە زەوییەوە هەتا سەر داڵانەکە بە کەڕوب و دار خورماکان نەخشێنرابوون. | 20 |
چوارچێوەی دەرگای شوێنە پیرۆزەکەش لاکێشەیی بوو، هەروەها ئەو چوارچێوەیەی کە لەپێشی شوێنی هەرەپیرۆزەکە بوو هەمان شێوەی هەبوو. | 21 |
قوربانگاکە لە دار دروستکرابوو، بەرزی سێ باڵ بوو، درێژی و پانییەکەی دوو باڵ بوون، گۆشە و بنکە و دیوارەکانی لە دار بوون. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەمە ئەو مێزەیە کە لەبەردەم یەزدانە.» | 22 |
شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆزیش دەرگایەکی دوو دەری هەبوو. | 23 |
هەر دەروازەیەکیش دوو دەری بوو، لە ناوەڕاستەوە دەکرانەوە. | 24 |
کەڕوب و دار خورما لەسەر ڕووی دەرگاکانی شوێنی پیرۆزیش نەخشێنرا بوون، بە هەمان شێوە دیوارەکانیش نەخشێنرابوون، تارمەیەکی دارینیش لەپێش هەیوانەکە هەبوو. | 25 |
لەسەر دیواری لاتەنیشتەکانی هەیوانەکە و ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە دەلاقەی کەتیبەدار هەبوو کە لایەکانی بە نەخشی دار خورما ڕازێنرابووەوە. | 26 |