«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە. | 1 |
گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ. | 2 |
ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. | 3 |
«لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت. | 4 |
منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت. | 5 |
«کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک. | 6 |
جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە. | 7 |
من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت. | 8 |
«تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت. | 9 |
ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت. | 10 |
ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە. | 11 |
کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.» | 12 |
یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.» | 13 |
منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.» | 14 |
ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.» | 15 |
هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە، | 16 |
تاکو نان و ئاویان کەم بێت و لە دیمەنی یەکتر بتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو بچن. | 17 |