یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت. | 1 |
تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم، هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن. | 2 |
بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر. | 3 |
فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، منیش دەستم دەخەمە سەر میسر، لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم. | 4 |
ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.» | 5 |
موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، ئاوایان کرد. | 6 |
موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو، کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد. | 7 |
یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: | 8 |
«کاتێک فیرعەون لەگەڵتان دەدوێت و دەڵێت:”پەرجوو بکەن،“تۆ بە هارون دەڵێیت:”گۆچانەکەت بگرە بە دەستەوە و فڕێیبدە پێش فیرعەون،“ئیتر دەبێتە مارێکی شاخدار.» | 9 |
ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار. | 10 |
فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد. | 11 |
هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی. | 12 |
ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی. | 13 |
دواتر یەزدان بە موسای فەرموو: «دڵی فیرعەون ڕەقە، ڕازی نییە ڕێ بە گەلەکە بدات. | 14 |
بەیانی بڕۆ لای فیرعەون، ئەو دەچێتە لای ئاوەکە، لە کەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش کە بووە ماری شاخدار لە دەستت بگرە. | 15 |
پێی دەڵێیت:”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان منی بۆ لای تۆ نارد و فەرمووی، ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن، بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت. | 16 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: بەمە دەزانیت کە من یەزدانم، ئەوەتا من بەو گۆچانەی بە دەستمەوەیە لە ئاوی نیل دەدەم و دەیگۆڕێت بۆ خوێن. | 17 |
ئەو ماسیانەش کە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت، میسرییەکان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە.“» | 18 |
یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ:”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە، بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“بۆ ئەوەی ببنە خوێن. ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت، تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.» | 19 |
موسا و هارونیش ئاوایان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن. گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی، لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی. هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن. | 20 |
ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو، میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە، خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە. | 21 |
جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی. | 22 |
ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت. | 23 |
هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە. | 24 |
حەوت ڕۆژ تەواو بوو دوای ئەوەی یەزدان ئاوی نیلی گۆڕی. | 25 |