بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک. | 1 |
ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد. | 2 |
چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. | 3 |
دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. | 4 |
دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە. | 5 |
قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بوو. | 6 |
دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد و کردی بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەوە. | 7 |
کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بوون. | 8 |
کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو. | 9 |
مێزەکەیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو. | 10 |
بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان لە چواردەوری دروستکرد. | 11 |
لێوارێکیشیان بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا. | 12 |
چوار بازنەی زێڕینیشیان بۆ داڕشت، بازنەکانیان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا. | 13 |
بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. | 14 |
دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. | 15 |
قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە شەرابی پێشکەشکراویان پێ دەڕژێنرێت لە زێڕی بێگەرد دروستیان کردن. | 16 |
چرادانەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەیان لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون. | 17 |
شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. | 18 |
سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون. | 19 |
هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو. | 20 |
هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو. | 21 |
گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون. | 22 |
حەوت چراشیان بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشیان لە زێڕی بێگەرد بوون. | 23 |
چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانیان لە تالنتێک زێڕی بێگەرد دروستکرد. | 24 |
قوربانگاکەی بخووریشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون. | 25 |
بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بە چواردەوردا بۆ دروستکرد. | 26 |
دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. | 27 |
دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن. | 28 |
زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون. | 29 |