موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن، | 1 |
شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت. | 2 |
لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.» | 3 |
هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: | 4 |
لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت: «لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ | 5 |
ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ | 6 |
پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛ | 7 |
زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ | 8 |
بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە. | 9 |
«با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: | 10 |
«چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ | 11 |
سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ | 12 |
مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ | 13 |
چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ | 14 |
قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛ پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛ | 15 |
قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ | 16 |
پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛ | 17 |
سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛ | 18 |
جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.» | 19 |
ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە. | 20 |
دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان. | 21 |
هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە. | 22 |
هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای. | 23 |
کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا. | 24 |
هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش ڕیسی بەدەست ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. | 25 |
هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست. | 26 |
سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا. | 27 |
هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش. | 28 |
هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون. | 29 |
موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، | 30 |
لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک، | 31 |
بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، | 32 |
بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک. | 33 |
فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە. | 34 |
پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان. | 35 |