یەترۆی خەزووری موسا کە کاهینی میدیان بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە خودا لەگەڵ موسا و ئیسرائیلی گەلەکەی کردبووی، کە یەزدان ئیسرائیلی لە میسرەوە دەرهێناوە. | 1 |
لەدوای ئەوەی موسا چیپۆرەی ژنی ناردبووەوە یەترۆی خەزووری هێنایەوە، | 2 |
لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی. ناوی یەکێکیان گێرشۆمە، چونکە موسا گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.» | 3 |
ناوی ئەوەی دیکەشیان ئەلیعەزەر بوو، چونکە گوتی: «خودای باوکم یارمەتیدەرم بوو و فریام کەوت لە شمشێری فیرعەون.» | 4 |
یەترۆی خەزووری موسا و کوڕەکانی و ژنەکەی هاتنە لای موسا بۆ ئەو چۆڵەوانییەی ئەو لەوێ لەلای کێوی خودا لایدابوو. | 5 |
یەترۆ هەواڵی بۆ موسا نارد: «من یەترۆم، لەگەڵ ژنەکەت و دوو کوڕەکەی بۆ لای تۆ هاتووم.» | 6 |
موساش هاتە دەرەوە بۆ پێشوازی خەزووری، کڕنۆشی برد و ماچی کرد، لە هەواڵی یەکتریان پرسی و چوونە ناو چادرەکە. | 7 |
موساش هەموو ئەو شتانەی بۆ خەزووری گێڕایەوە کە یەزدان بە فیرعەون و میسرییەکانی کرد لە پێناوی گەلی ئیسرائیل و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لە ڕێگا تووشیان هات و یەزدان فریایان کەوت. | 8 |
یەترۆش دڵخۆش بوو بەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کردی، کە فریایان کەوتبوو لە دەستی میسرییەکان. | 9 |
یەترۆ گوتی: «ستایش بۆ یەزدان ئەوەی لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی فیرعەون فریاتان کەوت، ئەوەی فریای گەل کەوت لەژێر دەستی میسرییەکان. | 10 |
کاتێک بەو شتانە لووتبەرز بوون لەسەر ئیسرائیلییەکان، ئێستا زانیم کە یەزدان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.» | 11 |
جا یەترۆی خەزووری موسا قوربانی سووتاندن و چەند قوربانییەکی دیکەی بۆ خودا هێنا، هارون و هەموو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەزووری موسا بە ئامادەبوونی خودا نان بخۆن. | 12 |
ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان. | 13 |
کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟» | 14 |
موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «لەبەر ئەوەی گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن. | 15 |
هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.» | 16 |
خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە. | 17 |
خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت. | 18 |
ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە. | 19 |
فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن. | 20 |
بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. | 21 |
هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەوە بارت سووک دەکات، چونکە ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن. | 22 |
ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.» | 23 |
موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی. | 24 |
موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. | 25 |
ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد. | 26 |
ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆش گەڕایەوە خاکی خۆی. | 27 |