بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە، | 1 |
کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە. | 2 |
ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە، | 3 |
چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت. | 4 |
هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە. | 5 |
ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟ | 6 |
هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی، بەڵام هەرگیز تێر ناخوات. | 7 |
دانا چی لە گێل زیاترە؟ چی یارمەتی هەژار دەدات کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟ | 8 |
ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە. | 9 |
ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و زانراوە. مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات کە لە خۆی بەهێزترە. | 10 |
ئەوەندە قسە زیاد دەبێت، ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە، جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟ | 11 |
کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟ | 12 |