نەبوخودنەسری پاشا پەیکەرێکی لە زێڕ دروستکرد، درێژییەکەی شەست باڵ و پانییەکەی شەش باڵ بوو، لە دەشتی دورا لە هەرێمی بابل داینا. | 1 |
پاشان نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوای میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان تاوەکو بێن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی کە نەبوخودنەسر پاشا داینا. | 2 |
ئیتر میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان هاتن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا، لەبەردەم ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا وەستان. | 3 |
ئینجا جاڕدەر بە دەنگی بەرز جاڕی دا: «ئەی گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان! فەرمانتان پێکراوە، | 4 |
کاتێک دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبیستن، دەبێت بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە ببەن کە نەبوخودنەسری پاشا دایناوە. | 5 |
هەرکەسێک نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، هەر ئەو کاتە فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.» | 6 |
لەبەر ئەوە هەر کاتێک هەموو گەلان گوێیان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بووایە، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان دەچوونە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرە زێڕینەکە دەبرد کە نەبوخودنەسری پاشا داینابوو. | 7 |
لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد، | 8 |
بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی! | 9 |
ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات، | 10 |
ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. | 11 |
بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.» | 12 |
نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا. | 13 |
نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟ | 14 |
ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟» | 15 |
شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ وەڵامی پاشایان دایەوە: «ئەی نەبوخودنەسر، پێویستمان بەوە نییە لەسەر ئەم بابەتە وەڵامت بدەینەوە. | 16 |
ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساویشەوە، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، ئەو لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات. | 17 |
ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.» | 18 |
ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت، | 19 |
هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. | 20 |
ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. | 21 |
فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بەرزکردەوە. | 22 |
ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە. | 23 |
لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.» | 24 |
ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.» | 25 |
نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!» ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە. | 26 |
میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە. | 27 |
ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن. | 28 |
لەبەر ئەوە من فەرمان دەکەم خەڵکی هەر نەتەوە و زمانێک بە خراپە باسی خوداکەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بکەن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانیان دەبێتە کەلاوە، چونکە هیچ خودایەکی دیکە نییە بتوانێت ئاوا ڕزگار بکات.» | 29 |
دوای ئەوە پاشا پایەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی لە هەرێمی بابلدا بەرزکردەوە. | 30 |