یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند هەتا ئەوەی بووە گەچ، | 1 |
هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب، قەڵاکانی قەریۆت دەخوات. مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت، لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا. | 2 |
فەرمانڕەوا لەناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 3 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، لەبەر ئەوەی فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا، چونکە درۆکانیان فریوی دان ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن، | 4 |
هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا، قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.» | 5 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە، سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم، کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن، نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو. | 6 |
سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن، ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە. پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن، تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن. | 7 |
لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە لە پاڵ هەموو قوربانگایەک، شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە لەناو ماڵی خوداوەندیان. | 8 |
«من بووم کە ئەمۆرییەکانم لەپێشیان لەناوبرد، ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو، وەک دار بەڕوو بەهێز بوون. بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە. | 9 |
من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن، بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمۆرییەکاندا بگرن. | 10 |
«لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو. ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 11 |
«بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو، فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن. | 12 |
«ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان. | 13 |
ئەوەی خێرایە هەڵنایەت، بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات. | 14 |
تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت، ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات. | 15 |
ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 16 |