شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو. هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت. | 1 |
هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا. | 2 |
بەڵام شاول دەستی کرد بە لەناوبردنی کڵێسا، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان. | 3 |
ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنیی پەیامی خودایان بڵاودەکردەوە. | 4 |
فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنیی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند. | 5 |
خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد. | 6 |
ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە. | 7 |
جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە. | 8 |
پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!» | 9 |
گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەم پیاوە بە هێزی خودای گەورە ناودەبردرێت.» | 10 |
ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. | 11 |
بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنیی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران. | 12 |
شیمۆنیش باوەڕی هێنا و لە ئاو هەڵکێشرا، ئینجا دوای فیلیپۆس کەوت و سەرسام بوو بەو نیشانە و پەرجووە گەورانەی کە دەیبینی. | 13 |
کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن. | 14 |
کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن بۆ ئەوەی ڕۆحی پیرۆز وەربگرن، | 15 |
چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشرابوون. | 16 |
جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت. | 17 |
شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و | 18 |
گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.» | 19 |
پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت! | 20 |
لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە. | 21 |
لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت، | 22 |
چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و گیرۆدەی گوناهیت.» | 23 |
شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.» | 24 |
دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی. | 25 |
فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆسی گوت: «هەستە و بەرەو باشوور بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.» | 26 |
ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی بینی کە وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم. | 27 |
لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە. | 28 |
ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و لەگەڵ ئەو گالیسکەیە بڕۆ.» | 29 |
ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟» | 30 |
گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت. | 31 |
ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو: [ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە. | 32 |
لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێبەش کرا. ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟ چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.] | 33 |
خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟» | 34 |
ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ. | 35 |
کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟» | 36 |
فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.» | 37 |
ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا. | 38 |
کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. | 39 |
فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنیی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە. | 40 |