سەرۆکی کاهینان لێی پرسی: «ئایا ئەو تۆمەتانە ڕاستن؟» | 1 |
ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت، | 2 |
پێی فەرموو: [خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.] | 3 |
«خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن. | 4 |
لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هەرچەندە هێشتا منداڵی نەبوو. | 5 |
خوداش ئاوای فەرموو: [نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. | 6 |
بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،] خودا فەرموویەتی، [دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.] | 7 |
خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی بوو. | 8 |
«باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو، | 9 |
لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی پێدا. ئەویش کردی بە فەرمانڕەوای میسر و سەرپەرشتیاری هەموو ماڵەکەی خۆی. | 10 |
«ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت. | 11 |
یاقوب بیستی لە میسر دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد. | 12 |
بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت. | 13 |
ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون. | 14 |
جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان. | 15 |
ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی. | 16 |
«بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، | 17 |
تاکو [لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.] | 18 |
لەگەڵ گەلەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن. | 19 |
«لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، | 20 |
کاتێک دوورخرایەوە، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. | 21 |
موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا. | 22 |
«کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی برا ئیسرائیلییەکانی بکات. | 23 |
یەکێکیانی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. | 24 |
وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. | 25 |
بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی:”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“ | 26 |
«بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ | 27 |
ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟] | 28 |
موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو. | 29 |
«دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.] | 30 |
موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: | 31 |
[من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات. | 32 |
«[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. | 33 |
بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.] | 34 |
«ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. | 35 |
جا موسا گەلەکەی لە میسر هێنایە دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی. | 36 |
«ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: [خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.] | 37 |
هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ. | 38 |
«بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا. | 39 |
بە هارونیان گوت: [چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.] | 40 |
لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. | 41 |
بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: «[ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟ | 42 |
نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان، ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن. لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.] | 43 |
«چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. | 44 |
جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، | 45 |
ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. | 46 |
کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد. | 47 |
«بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی: | 48 |
«[ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟ | 49 |
ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟] | 50 |
«ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنە نەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! | 51 |
باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. | 52 |
ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.» | 53 |
کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا گوێیان لەم قسانەی ستیفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. | 54 |
بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستەڕاستی خودا وەستابوو. | 55 |
گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستەڕاستی خودا ڕاوەستاوە.» | 56 |
بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، | 57 |
بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان داکەند و خستیانە بەرپێی گەنجێک کە ناوی شاول بوو. | 58 |
کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» | 59 |
ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست. | 60 |