ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد: | 1 |
«شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە، | 2 |
بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت. | 3 |
«هەموو جولەکەکان بە باشی دەزانن کە ژیانی لاویەتیم چۆن بووە، هەر لە سەرەتای ژیانمەوە کە لەنێو گەلەکەم و لە ئۆرشەلیمدا بووم. | 4 |
ئەوان لەمێژە دەمناسن و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان. | 5 |
ئێستاش حوکم دەدرێم لەبەر ئەوەی هیوام بەو بەڵێنە هەیە کە خودا بە باوباپیرانمانی داوە. | 6 |
ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە هیوای هاتنەدی، بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن. | 7 |
بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنێتەوە؟ | 8 |
«لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم. | 9 |
لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا. | 10 |
لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە. | 11 |
«جارێکیان بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. | 12 |
جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. | 13 |
هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم:”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.“ | 14 |
«منیش گوتم:”تۆ کێیت گەورەم؟“«مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی:”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. | 15 |
بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. | 16 |
ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو ناجولەکانەی تۆیان بۆ دەنێرم | 17 |
تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“ | 18 |
«ئەی شا ئەگریپاس، لەو کاتە بەلاوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە. | 19 |
یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق، پاشان ئۆرشەلیم و هەموو ناوچەکانی یەهودیا و دواتر بە ناجولەکەکانم ڕاگەیاند، کە تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی هەڵسوکەوتیانەوە تۆبەکردنەکەیان دەربخەن. | 20 |
لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. | 21 |
بەڵام هەتا ئەمڕۆش خودا یارمەتی داوم، بۆیە وەستاوم و شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، | 22 |
کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت و یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت و ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.» | 23 |
کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! ئەوەندەت خوێندووەتەوە کە شێت بوویت.» | 24 |
پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. | 25 |
ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. | 26 |
ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.» | 27 |
ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟» | 28 |
پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.» | 29 |
جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان، | 30 |
دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.» | 31 |
ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.» | 32 |