«برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» | 1 |
کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون. ئەویش گوتی: | 2 |
«من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی گەمالائیل بە باشی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. | 3 |
شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، | 4 |
هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن. | 5 |
«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. | 6 |
کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم:”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“ | 7 |
«وەڵامم دایەوە:”گەورەم، تۆ کێیت؟“«پێی فەرمووم:”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ | 8 |
ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد. | 9 |
«گوتم:”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“» «مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم:”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەو شتانەت پێ دەگوترێت کە دەبێت بیکەیت.“ | 10 |
جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق. | 11 |
«پیاوێک بە ناوی حەنانیا هات بۆ لام. ئەو کەسێکی لەخواترس و گوێڕایەڵی تەورات بوو، هەروەها هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. | 12 |
لەتەنیشتم وەستا و پێی گوتم:”شاولی برام، ببینە.“یەکسەر ئەوم بینی. | 13 |
«ئینجا گوتی:”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، | 14 |
چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. | 15 |
ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“ | 16 |
«کاتێک گەڕابوومەوە بۆ ئۆرشەلیم و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، | 17 |
مەسیحم بینی و پێی فەرمووم:”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“ | 18 |
«منیش گوتم:”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. | 19 |
کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“ | 20 |
«بەڵام پێی فەرمووم:”بڕۆ! بۆ شوێنی دوور دەتنێرم، بۆ لای ناجولەکەکان.“» | 21 |
هەتا باسی ناجولەکەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!» | 22 |
لە کاتێکدا هاواریان دەکرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد، | 23 |
فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد. | 24 |
کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتیی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» | 25 |
کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو، چووە لای فەرماندەکە و هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتیی ڕۆمانییە!» | 26 |
فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتیی ڕۆمانیت؟» گوتی: «بەڵێ.» | 27 |
فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم ڕەگەزنامەیەم وەرگرت.» پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.» | 28 |
ئەوانەی کە بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە، دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش ترسا کە زانی هاوڵاتییەکی ڕۆمانیی کۆت کردووە. | 29 |
بۆ بەیانی فەرماندەکە ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە تۆمەتباری دەکەن، بۆیە ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە کۆببنەوە. ئینجا پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت. | 30 |