هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد و دەیانگوت: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.» | 1 |
کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون. | 2 |
پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە ناجولەکەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە. | 3 |
کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی. | 4 |
بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.» | 5 |
جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە. | 6 |
پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە ناجولەکەکان مزگێنیی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن. | 7 |
ئەو خودایەی کە دەزانێت چی لە دڵدایە، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە. | 8 |
بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە. | 9 |
ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟ | 10 |
بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.» | 11 |
ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو ناجولەکەکان ئەنجامی داوە. | 12 |
دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن. | 13 |
شیمۆن ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ ناجولەکەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن. | 14 |
وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە: | 15 |
«[دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە، | 16 |
تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەموو ئەو ناجولەکانەی ناوی منیان هەڵگرتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات | 17 |
کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.] (aiōn g165) | 18 |
«لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەو ناجولەکانەی کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە، | 19 |
بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن، | 20 |
چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.» | 21 |
ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون. | 22 |
بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی: لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان، بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا: سڵاو. | 23 |
بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون. | 24 |
بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان، | 25 |
پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. | 26 |
جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن، | 27 |
چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن: | 28 |
خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن. ماڵ ئاوا. | 29 |
ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد. | 30 |
کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون. | 31 |
یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە. | 32 |
پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، | 33 |
بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە. | 34 |
پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ. | 35 |
پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و سەر لە برایان بدەین و هەواڵیان بزانین.» | 36 |
بەرناباسیش پێشنیاری کرد کە یۆحەنا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوەی بە مەرقۆس ناسراوە. | 37 |
بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەو کەسە لەگەڵ خۆیاندا نەبەن کە لە پامفیلیادا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت. | 38 |
لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو. | 39 |
بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران. | 40 |
ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد. | 41 |