لە کۆنیا پۆڵس و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و بە شێوەیەک قسەیان کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا. | 1 |
بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، ناجولەکەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن. | 2 |
بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت. | 3 |
ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان. | 4 |
کاتێک ناجولەکەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن، | 5 |
نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و | 6 |
لەوێش مزگێنییان دەدا. | 7 |
لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو. | 8 |
گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە، | 9 |
بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد. | 10 |
کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!» | 11 |
جا بەرناباسیان ناونا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. | 12 |
ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات. | 13 |
بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: | 14 |
«خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. | 15 |
ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن. | 16 |
لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.» | 17 |
بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن. | 18 |
هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە. | 19 |
بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت. | 20 |
مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا، | 21 |
ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.» | 22 |
لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە. | 23 |
ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا. | 24 |
لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و پاشان بۆ بەندەری ئەنتالیا دابەزین. | 25 |
لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد. | 26 |
کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ ناجولەکەکانیش کردووەتەوە. | 27 |
جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە. | 28 |