ئەوە بزانە کە لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت، | 1 |
چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، | 2 |
بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، | 3 |
ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، | 4 |
ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە. | 5 |
ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون، | 6 |
هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن. | 7 |
وەک چۆن یەنیس و یەمبریس بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەکەوە ڕەتکراونەتەوە. | 8 |
بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات. | 9 |
بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، | 10 |
چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەستیش لە هەموویان دەربازی کردم. | 11 |
هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە، | 12 |
بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن کە چەواشەکار و چەواشەکراون. | 13 |
بەڵام تۆ، لەسەر ئەوە بمێنەوە کە فێری بوویت و دڵنیابوویت، چونکە زانیت لە کێ فێربوویت، | 14 |
هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری. | 15 |
هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی، | 16 |
تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش. | 17 |