ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە. | 1 |
لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد. | 2 |
داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.» | 3 |
داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.» ئەویش گوتی: «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.» | 4 |
داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟» | 5 |
گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون. | 6 |
ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم:”ئەوەتام.“ | 7 |
«لێی پرسیم:”تۆ کێیت؟“«منیش وەڵامم دایەوە:”من عەمالێقیم.“ | 8 |
«ئینجا پێی گوتم:”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“ | 9 |
«منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.» | 10 |
داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون. | 11 |
لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن. | 12 |
ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟» ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.» | 13 |
داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟» | 14 |
ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد. | 15 |
لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت:”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“» | 16 |
داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و | 17 |
فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا نووسراوە: | 18 |
«ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن! شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە. | 19 |
«لە گەت ڕایمەگەیەنن، لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن، نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن، نەوەک کچانی خەتەنە نەکراوان پێمان خۆش بن. | 20 |
«ئەی چیاکانی گلبۆع، با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت، نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە، چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە، قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن. | 21 |
«لە خوێنی کوژراوان و لە جەستەی پاڵەوانان کەوانەکەی یۆناتان نەهاتەوە دواوە و شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە. | 22 |
شاول و یۆناتان، لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون، لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە. لە هەڵۆ تیژڕەوتر و لە شێر بەهێزتر بوون. | 23 |
«ئەی کچانی ئیسرائیل، بۆ شاول بگریێن، ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن، ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد. | 24 |
«ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن! یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا. | 25 |
یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا، زۆر شیرین بوویت لەلام، خۆشەویستی تۆ بۆ من لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو. | 26 |
«ئای چۆن قارەمانان کەوتن! چەکەکانی جەنگ لەناوچوون!» | 27 |