داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. | 1 |
گوتی: «یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، | 2 |
خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە، لە ستەم ڕزگارم دەکات. | 3 |
«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، | 4 |
چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، | 5 |
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. (Sheol h7585) | 6 |
«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، گوێی لە هاوارم بوو. | 7 |
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین. | 8 |
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو. | 9 |
ئاسمانی شەق کرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو. | 10 |
سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە. | 11 |
تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان. | 12 |
لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان. | 13 |
یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە. | 14 |
تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن. | 15 |
بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی یەزدان، لە گەرمی هەناسەی لووتی. | 16 |
«لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام. | 17 |
لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون. | 18 |
لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو. | 19 |
منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم. | 20 |
«یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم، | 21 |
چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم. | 22 |
هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە. | 23 |
لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە. | 24 |
یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی. | 25 |
«لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، | 26 |
لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. | 27 |
تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت. | 28 |
ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت، یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. | 29 |
بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. | 30 |
«ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. | 31 |
لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ | 32 |
خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە. | 33 |
پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت. | 34 |
مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە. | 35 |
تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، هاوکاریت گەورەم دەکات. | 36 |
جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت. | 37 |
«دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە. | 38 |
لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن. | 39 |
کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن. | 40 |
دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد. | 41 |
هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو. | 42 |
وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن. | 43 |
«لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم، تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە. گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن، | 44 |
بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن، هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن. | 45 |
بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە. | 46 |
«یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە! | 47 |
خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان ملکەچی من دەکات، | 48 |
لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم. | 49 |
لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم. | 50 |
«سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.» | 51 |