یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە، دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد. | 1 |
ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی، ئەو بەردە تەرخانکراوەی بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو. | 2 |
لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، خۆی لێیان لانەدا. | 3 |
مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل. | 4 |
بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو. | 5 |
دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە. | 6 |
هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» | 7 |
لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟» یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.» | 8 |
ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما. | 9 |
پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟» | 10 |
بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟» یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.» | 11 |
یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو. | 12 |
ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.» پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.» | 13 |
ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت. | 14 |
بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.» ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع، | 15 |
گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو، | 16 |
چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە. | 17 |
ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیشتان ڕادەست دەکات. | 18 |
ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.» | 19 |
بەیانیی ڕۆژی دواتر، لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو. | 20 |
هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن، ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو، لە گەنجەوە هەتا پیر، بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە، لەسەر سنوورەکە وەستان. | 21 |
کە بەیانی زوو لە خەو هەستان، خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە، مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە. | 22 |
گوتیان: «ئەمە خوێنە! پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە. ئەی مۆئاب، ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!» | 23 |
بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن، ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا، لەبەردەمیان هەڵاتن. ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت. | 24 |
ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند، هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە، هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە، هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە، بە تەنها شاری قییر حەراسەت و تەلارەکانیان هێشتەوە، بەڵام قۆچەقانی وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا. | 25 |
کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە، حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت، بەڵام شکستی هێنا. | 26 |
ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی، ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا، لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن. تووڕەییەکی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەبوو، بۆیە پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان. | 27 |