سەبارەت بە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، | 1 |
چونکە پەرۆشیتان دەزانم و لەلای مەکدۆنییەکان شانازیم پێوە کردووە، کەوا ئێوە لە ئەخایا لە پارەوە ئامادەبوون و دڵگەرمیتان زۆربەیانی جۆشدا. | 2 |
بەڵام برایان دەنێرم، نەوەک شانازیکردنمان پێتانەوە بەفیڕۆ بڕوات، تاکو ئامادەبن هەروەک گوتم، | 3 |
چونکە ئەگەر هەندێک لە مەکدۆنییەکان لەگەڵم بێن و ببینن کە ئێوە هێشتا ئامادە نین، ئەوا ئێمە شەرمەزار دەبین بەهۆی ئەو متمانەیەی بە ئێوەمان هەبوو، ئیتر با باسی ئەوەش نەکەم کە ئێوە چەندە شەرمەزار دەبن. | 4 |
بۆیە بە پێویستم زانی لە برایان بپاڕێمەوە، تاکو پێشڕەوی بکەن بۆ لاتان و زوو ئەو بەخشینەتان ڕێکبخەن کە پێشتر بەڵێنتان دابوو، تاکو وەک بەخشینێکی لە دڵفراوانییەوە بێت، نەک لە ناچارییەوە بێت. | 5 |
ئەمەش بزانن: «ئەوەی کەم بچێنێت کەم دەدروێتەوە، ئەوەی بە دڵفراوانی بچێنێ بە دڵفراوانی دەدروێتەوە.» | 6 |
با هەریەکە ئەوەندەی لەسەر دڵیەتی بیدات، نەک بە دڵتەنگی و ناچاری، چونکە ئەوەی بە دڵخۆشییەوە ببەخشێت خودا خۆشی دەوێت. | 7 |
خوداش دەتوانێت هەموو نیعمەتێکتان بەسەردا بڕژێنێت، تاوەکو ئێوە هەمیشە هەموو ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانە، بۆ ئەوەی لە هەموو کارێکی باشدا سەرڕێژ بن. | 8 |
وەک نووسراوە: [بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە، ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.] (aiōn g165) | 9 |
جا ئەو خودایەی تۆو بۆ جوتیار و نان بۆ خۆراک دابین دەکات، تۆوتان بۆ دابین دەکات و چەند هێندەی دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیتان زیاد دەکات. | 10 |
لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبن تاکو هەموو کاتێک دڵفراوان بن، دڵفراوانییەکەتان لە ڕێگەی ئێمەوە سوپاسی خودای لێدەکەوێتەوە. | 11 |
ئەم خزمەتەی ئێوە دەیکەن، تەنها پێداویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا پڕ ناکاتەوە، بەڵکو وا دەکات کە زۆر کەس سوپاسی خودا بکەن. | 12 |
لە ڕێگەی ئەو خزمەتەوە کە دەیکەن ئێوە خۆتان سەلماندووە، شکۆمەندی خودا دەردەخەن بە گوێڕایەڵی و دانپێدانانتان بە پەیامی ئینجیلی مەسیح، هەروەها دڵفراوانیتان لە بەشداریتان لەگەڵ ئەوان و هەموو لایەک. | 13 |
هەروەها لە پاڕانەوەیان بۆ ئێوە، تامەزرۆی بینینی ئێوەن لەبەر ئەو نیعمەتە لە ڕادەبەدەرەی خودا کە پێتان دراوە. | 14 |
سوپاس بۆ خودا لە پێناوی ئەم بەخشینەی کە بە دەم باس ناکرێت. | 15 |