ئێستاش خوشکان، برایان، حەز دەکەین نیعمەتی خودا بزانن کە دراوەتە کڵێساکانی مەکدۆنیا. | 1 |
ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون. | 2 |
شایەتی دەدەم کە بەگوێرەی توانای خۆیان و تەنانەت لە سەرووی توانای خۆشیانەوە بەخشینیان داوە، دەستپێشخەرییان کرد و | 3 |
زۆر لێمان پاڕانەوە تاکو نیعمەتی بەشداربوون لە خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا وەربگرن. | 4 |
زیاتریان کرد لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد لێیان، چونکە سەرەتا خۆیان پێشکەشی عیسای خاوەن شکۆ کرد، ئینجا بە خواستی خودا خۆیان پێشکەشی ئێمە کرد. | 5 |
ئەوە بوو تکامان لە تیتۆس کرد کە ئەم نیعمەتەی لەلاتان دەستی پێکردووە تەواوی بکات. | 6 |
بەڵام وەک چۆن لە هەموو شتێکدا زیادتان کردووە، لە باوەڕ، لە قسەکردن، لە زانیاری، لە هەموو کۆششێک، لە خۆشەویستیتان بۆ ئێمە، ئاوا لەم نیعمەتەی بەخشینیشدا زیاد بکەن. | 7 |
ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە. | 8 |
نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاریی ئەو دەوڵەمەند بن. | 9 |
لەمەشدا بیروڕای خۆمتان پێ دەڵێم، چونکە ئەمە بەسوودە بۆتان: ئێوە پار دەستتان بە بەخشین کرد، نەک تەنها ئەمەتان کردووە، بەڵکو ئارەزووشتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن. | 10 |
ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک پەرۆشی خواستی بوون، ئاوا تەواوکردنیش بە خواستی خۆتانە، | 11 |
چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی. | 12 |
مەبەستم ئەوە نییە خەڵکی دیکە بحەسێنەوە و فشارم لەسەر ئێوە بێت، بەڵکو بە یەکسانی. | 13 |
لە کاتی ئێستادا با پڕیی ئێوە کەموکوڕی ئەوان پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕیی ئەوانیش کەموکوڕی ئێوە پڕ بکاتەوە، تاکو یەکسان ببێت. | 14 |
وەک نووسراوە: [نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە.] | 15 |
بەڵام سوپاس بۆ خودا کە هەمان پەرۆشیی خستە دڵی تیتۆس بۆ ئێوە، | 16 |
چونکە تیتۆس نەک تەنها پێشوازی لە داواکارییەکەی کرد، بەڵکو بە دەستپێشخەری خۆی و بەوپەڕی پەرۆشییەوە دێت بۆ لاتان. | 17 |
برایەکمان لەگەڵیدا نارد کە بەهۆی خزمەتکردنی پەیامی ئینجیل هەموو کڵێساکان ستایشی دەکەن. | 18 |
نەک تەنها ئەوە، بەڵکو لەلایەن کڵێساکانەوە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی یاوەریمان بکات لە گەشتەکەماندا، لە کاتێکدا کە ئێمە بەخشینەکە هەڵدەگرین و دابەشی دەکەین بۆ شکۆمەندی مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی و بۆ پیشاندانی پەرۆشیمان بۆ خزمەت. | 19 |
ئێمە خۆمان لە هەموو گلەییەک دەپارێزین، نەوەک کەسێک ڕەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم بەخشینە گەورەیە بگرێت، | 20 |
چونکە بە نیازی چاکەین، نەک تەنها لەبەردەم یەزدان، بەڵکو لەبەردەم خەڵکیش. | 21 |
لەگەڵ ئەواندا برایەکمان نارد، کە زۆر جار لە زۆر شت تاقیمان کردووەتەوە چالاک بووە، ئێستاش بەو دڵنیاییە زۆرەی بە ئێوەی هەیە زۆر چالاکترە. | 22 |
لەبارەی تیتۆس، ئەو هاوبەش و هاوکارمە بۆ ئێوە، بەڵام ئەم برایانە پەیامبەری کڵێساکانن و مایەی شکۆمەندین بۆ مەسیح. | 23 |
بۆیە بەڵگەی خۆشەویستی خۆتان و هۆی شانازیمان بە ئێوە بۆ ئەوان دەربخەن بۆ ئەوەی لەبەردەم کڵێساکاندا دەربکەوێت. | 24 |