وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، | 1 |
چونکە دەفەرموێ: [لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.] ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری. | 2 |
لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، | 3 |
بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، | 4 |
لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، | 5 |
بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، | 6 |
لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، | 7 |
بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، | 8 |
وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، | 9 |
وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە. | 10 |
ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. | 11 |
ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. | 12 |
ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە. | 13 |
لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ | 14 |
چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ | 15 |
پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی: [تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم، دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.] | 16 |
[یەزدان دەفەرموێ: لەبەر ئەوە لەناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و بەجێیان بهێڵن. دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک، ئینجا وەرتاندەگرمەوە.] | 17 |
[یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت: من دەبمە باوکی ئێوە و ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.] | 18 |