لەبەر ئەوەی بەهۆی بەزەیی خوداوە ئەم خزمەتەمان هەیە، بێ هیوا نابین، | 1 |
بەڵکو ئەو ڕێگایانەمان ڕەتکردەوە کە شاراوەن و شەرمەزاریی دەهێنن، فێڵ ناکەین و دەستکاری وشەی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، لەبەردەم خودا بۆ ویژدانی هەرکەسێک خۆمان دەسەلمێنین. | 2 |
بەڵام ئەگەر مژدەکەمان شاراوە بێت، ئەوا بۆ ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن، | 3 |
لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنیی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە. (aiōn g165) | 4 |
ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین، | 5 |
چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: [با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،] ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لەڕووی عیسای مەسیحدا. | 6 |
بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. | 7 |
لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ | 8 |
چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. | 9 |
هەمیشە مردنی عیسا لە جەستەماندا هەڵدەگرین، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەماندا دەربکەوێت، | 10 |
چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. | 11 |
کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا. | 12 |
کە هەمان ڕۆحی باوەڕمان هەیە، بەگوێرەی نووسراو: [باوەڕم هەبوو، بۆیە قسەم کرد.] ئێمەش باوەڕمان هەیە بۆیە قسە دەکەین. | 13 |
دەزانین ئەوەی عیسای خاوەن شکۆی هەستاندەوە ئێمەش لەگەڵ عیسادا هەڵدەستێنێتەوە، لەگەڵ ئێوەش دەمانباتە بەردەمی خۆی. | 14 |
هەموو ئەم ئازار چێژتنە لە پێناوی ئێوەیە، تاکو ئەو نیعمەتەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر ببێتە مایەی زیادکردنی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا. | 15 |
بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناخمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، | 16 |
چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. (aiōnios g166) | 17 |
ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین. (aiōnios g166) | 18 |