لەبەر ئەوە بڕیارم دا دیدارێکی دیکەی پڕ لە خەم و ئازارم لەگەڵ ئێوەدا نەبێت، | 1 |
چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟ | 2 |
بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم بەهۆی ئەوانەوە خەمبار نەبم کە پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە. | 3 |
لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە. | 4 |
بەڵام ئەگەر یەکێک بووەتە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو هەتا ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زیادەڕۆییم نەکردبێت. | 5 |
ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە، | 6 |
بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت. | 7 |
لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە، | 8 |
چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن. | 9 |
منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە، | 10 |
نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین. | 11 |
کاتێک هاتمە شاری ترۆئاس بۆ ئەوەی مزگێنیی مەسیح ڕابگەیەنم، مەسیحی باڵادەست دەرگایەکی بۆ کردمەوە. | 12 |
بەڵام گیانم پشووی نەدا، چونکە تیتۆسی برام نەدۆزییەوە. ئیتر ماڵئاواییم لێیان کرد و چووم بۆ مەکدۆنیا. | 13 |
بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە، | 14 |
چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین بۆ خودا، لەنێوان ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و لەنێوان ئەوانەی لەناودەچن. | 15 |
بۆ ئەوانە بۆنی مردنە بۆ مردن، بۆ ئەوانی دیکە بۆنی ژیانە بۆ ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەم شتانە؟ | 16 |
ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە پەیامی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە بێ دووڕوویی لە خوداوە و لەبەردەم خودا بە ناوی مەسیح دەدوێین. | 17 |