کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمانی بیست، هاتە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد. | 1 |
سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ سلێمان قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە. | 2 |
کاتێک شاژنی شەبا دانایی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو، | 3 |
هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکان و جلوبەرگەکانیان و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە سەرسام بوو. | 4 |
بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە. | 5 |
بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەی داناییە زۆرەکەی تۆم پێ ڕانەگەیەنراوە، زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم. | 6 |
خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن. | 7 |
ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەخت دایناویت ببیتە پاشا بۆ یەزدانی پەروەردگارت. خوداکەت لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی خۆشویستووە و ویستی هەتاهەتایە جێگیری بکات، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.» | 8 |
ئینجا سەد و بیست تالنت زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد. | 9 |
هەروەها خزمەتکارەکانی حیرام و خزمەتکارەکانی سلێمان، ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هێنابوو، دار ئەلگوم و بەردی گرانبەهاشیان هێنابوو. | 10 |
پاشا لەو دار ئەلگومانە پێپلیکانەی بۆ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان، وەک ئەو دارانە پێشتر لە خاکی یەهودا نەبینرابوون. | 11 |
سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەوەی پاشا پێیدا لە بەرامبەر ئەوەی بۆی هێنابوو. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی. | 12 |
کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت زێڕ بوو، | 13 |
جگە لەو باجەی لە بازرگان و فرۆشیارەکانەوە وەردەگیرا. هەروەها هەموو پاشایانی عەرەبستان و فەرمانڕەوایانی خاکەکە زێڕ و زیویان بۆ سلێمان دەهێنا. | 14 |
سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕی کوتراو بۆ هەر قەڵغانێک. | 15 |
سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ سەد شاقل زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان. | 16 |
هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد. | 17 |
تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو لەگەڵ تەختەپێیەک، هەموویان پێکەوە بەسترابوون، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون. | 18 |
دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو. | 19 |
هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو. | 20 |
کەشتیگەلی پاشا لەگەڵ خزمەتکارەکانی حیرام دەڕۆیشتن و هەر سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا. | 21 |
سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی. | 22 |
هەموو پاشایانی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو. | 23 |
هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر. | 24 |
سلێمان چوار هەزار تەویلەی ئەسپ و گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپی هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان داینان، هەروەها هەندێکیان لەلای خۆی لە ئۆرشەلیم جێگیر کردن. | 25 |
بەسەر هەموو پاشاکاندا فەرمانڕەوایی دەکرد، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر. | 26 |
هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. | 27 |
ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و هەموو وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکران. | 28 |
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر و لە پەیامەکەی ئاحییای شیلۆنی نووسراون، هەروەها لەو بینینانەش کە عیدۆ سەبارەت بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ڕایدەگەیاند. | 29 |
سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. | 30 |
پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. | 31 |