ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا. | 1 |
یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست لە میسرەوە گەڕایەوە. | 2 |
پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت: | 3 |
«باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.» | 4 |
ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن. | 5 |
ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک کە لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟» | 6 |
ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لەگەڵ ئەم گەلە چاک بیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.» | 7 |
بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد. | 8 |
لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان:”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە؟“» | 9 |
ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی:”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە“تۆ پێیان بڵێ:”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە. | 10 |
باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان، باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“» | 11 |
لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» | 12 |
پاشا بە توندی وەڵامی دانەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست، | 13 |
بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم. باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.» | 14 |
پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی خودا بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو. | 15 |
کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە: «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە، چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟ ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان! ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!» ئیتر هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان. | 16 |
بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون. | 17 |
ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت. | 18 |
بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون. | 19 |