ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون. | 1 |
ئەم جۆرە فێرکردنە لە ڕێگەی درۆزنە دووڕووەکانەوە دێت کە ویژدانیان داخکراوە. | 2 |
هاوسەرگیری قەدەغە دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. | 3 |
هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، | 4 |
چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە. | 5 |
ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، کە بە وشەکانی باوەڕەکە و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت و شوێنی دەکەویت. | 6 |
ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام خۆت لەسەر لەخواترسی ڕابهێنە. | 7 |
وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە. | 8 |
ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی پەسەندکردنی تەواوە. | 9 |
بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، چونکە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران. | 10 |
بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە. | 11 |
با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. | 12 |
هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. | 13 |
ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت. | 14 |
بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. | 15 |
ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت. | 16 |