سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: «باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت.» | 1 |
بەڵام لەبەر داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت. | 2 |
مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد. | 3 |
ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی. | 4 |
خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە. | 5 |
بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان. | 6 |
هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا. | 7 |
بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من بمێننەوە. | 8 |
بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە. | 9 |
بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە، | 10 |
بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات. | 11 |
ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات. | 12 |
ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە، | 13 |
چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە. | 14 |
بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین، | 15 |
چونکە ئەی ژن چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟ | 16 |
لەگەڵ ئەوەشدا، با هەر یەکێک بەپێی ئەو بەشەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیداوە و بەو شێوەیەی کە خودا بانگی کردووە بژیێت، لە هەموو کڵێساکان ئاوا فەرمان دەدەم. | 17 |
ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، با نەبێتەوە خەتەنە نەکراو. ئەوەش بە خەتەنە نەکراوی بانگکراوە، با خەتەنە نەکات. | 18 |
خەتەنەکردن هیچ نییە، خەتەنەنەکردنیش هیچ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی خودا گرنگە. | 19 |
با هەر یەکێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە. | 20 |
ئایا بە کۆیلەیی بانگکرایت؟ گوێی مەدەرێ. بەڵام ئەگەر توانیت ئازاد بیت، بیکە، | 21 |
چونکە ئەوەی کۆیلە بووە کاتێک یەزدان بانگی کردووە ئەوە دەبێتە ئازادکراوی یەزدان. بە هەمان شێوە ئەوەشی کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە کۆیلەی مەسیح. | 22 |
ئێوە بە نرخێک کڕاون، مەبنە کۆیلەی خەڵک. | 23 |
خوشکان، برایان، با هەر کەسێک بەو شێوەیە لەگەڵ خودا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە لەو کاتەی بانگکراوە. | 24 |
دەربارەی کچان و کوڕان، هیچ فەرمانێکم لە مەسیحی باڵادەستەوە نییە، بەڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ دەڵێم وەک یەکێک یەزدان بەزەیی پێدا هاتبێتەوە کە جێی متمانە بێت. | 25 |
وابزانم، لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا، باشە بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە. | 26 |
ئایا تۆ بە ژنەوە بەستراویتەوە؟ داوای جیابوونەوە مەکە. ئایا تۆ بە ژنەوە نەبەستراویتەوە؟ داوای ژن مەکە. | 27 |
بەڵام ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە، ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات گوناهی نەکردووە. بەڵام ئەوانە لەم ژیانەدا تووشی کێشە و گرفت دەبن، جا من دەمەوێ تووشتان نەکەم. | 28 |
خوشکان، برایان، ئەمە دەڵێم: کاتمان کەمە، لەمەودوا ئەوانەی ژنیان هەیە دەبێت بە جۆرێک بژین وەکو ئەوەی کە نەیانبێت، | 29 |
ئەوانەی دەگریێن وەک نەگریێن، ئەوانەی شادن وەک شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک موڵکیان نەبێت، | 30 |
ئەوانەی جیهان بەکاردەهێنن وەک هەر بەکارینەهێنن، چونکە وێنەی ئەم جیهانە ڕووەو نەمانە. | 31 |
جا دەمەوێ ئێوە بێ خەم بن. ئەوەی ژنی نەهێناوە بایەخ بە کاروباری پەروەردگار دەدات، چۆن پەروەردگار ڕازی بکات. | 32 |
بەڵام هاوسەردار بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن ژنەکەی ڕازی بکات. | 33 |
ئەو کابرایە دڵی بەشکراوە. ژنی بێ مێرد و پاکیزە گرنگی بە کاروباری پەروەردگار دەدەن، چۆن دەتوانێت جەستە و ڕۆحی خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. بەڵام شووکردوو بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن مێرد ڕازی بکات. | 34 |
ئەمە بۆ چاکەتان دەڵێم، نەک تووشی کۆتێکتان بکەم، بەڵکو بۆ ڕێز و تەرخانکراوییە بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ، بێ پەشێوی. | 35 |
بەڵام ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە بە شێوەیەکی شیاو لەگەڵ دەستگیرانە پاکیزەکەی هەڵسوکەوت ناکات، ئەگەر حەز و ئارەزووی زۆر بوو و پێویست بوو هاوسەرگیری بکەن، چی حەز لێیە با ئەوە بکات، با هاوسەرگیری بکەن، گوناهی نەکردووە. | 36 |
بەڵام ئەوەی لە دڵەوە بڕیاری دابێت و ناچار نەبێت، بەڵکو بەسەر خواستی خۆیدا زاڵ بێت، ئەو بڕیارەش کە لە دڵەوە داویەتی کە دەستگیرانە پاکیزەکەی نەگوازێتەوە، ئەوا چاک دەکات. | 37 |
کەواتە ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات، چاک دەکات، ئەوەش کە هاوسەرگیری ناکات، چاکتر دەکات. | 38 |
ژن ئەوەندە بە مێردەوە دەبەسترێتەوە هەتا مێردەکەی زیندووە. بەڵام ئەگەر مێردەکەی مرد، ئەوا ئازادە شوو بە هەر پیاوێک بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت. | 39 |
بەڵام بە بۆچوونی من، بەختەوەرترە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە، وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هەیە. | 40 |