لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت! | 1 |
ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟ | 2 |
هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح ئامادەم. وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە، وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم: | 3 |
بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە، | 4 |
ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت. | 5 |
شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟ | 6 |
خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە بەڕاستی فەتیرەن. لەبەر ئەوەی مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا. | 7 |
کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی. | 8 |
من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن، | 9 |
مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە. | 10 |
بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن. | 11 |
بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ | 12 |
ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. [خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.] | 13 |