خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین، هەروەک منداڵی ساوا بن لە خانەوادەی مەسیحدا. | 1 |
شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا نەتاندەتوانی، ئێستاش ناتوانن. | 2 |
ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟ | 3 |
چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟ | 4 |
ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە. | 5 |
من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد. | 6 |
ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات. | 7 |
تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت. | 8 |
جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان. | 9 |
بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت. | 10 |
کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە. | 11 |
بەڵام ئەگەر هەرکەسێک لەسەر ئەو بناغەیە بە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت، | 12 |
کارەکەی دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات. | 13 |
ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت. | 14 |
ئەگەر کاری یەکێک سووتا، ئەوا هەرچەندە بنیادنەرەکە زیانی پێ دەگات، بەڵام ڕزگاری دەبێت، وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵاتبێت. | 15 |
ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ | 16 |
ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن. | 17 |
با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا. (aiōn g165) | 18 |
دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: [ئەو داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.] | 19 |
هەروەها: [یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.] | 20 |
کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە، | 21 |
پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس، جیهان یان ژیان یان مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە، | 22 |
ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە. | 23 |